ئەنجوومەنێ وەزارەتا خواندنا بلند دانوستاندن دەربارەى پڕۆژەیێ ساڵا نوى یا خواندنێ 2020-2021 کر

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕەچاوکردنى بارودۆخى تەندروستى لە هەرێمى کوردستان و سەلامەتى گیانى خوێندکاران و قوتابیان، بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) پلان و بەرنامەى تازەى بەئاراستەى بەرەوپێشبردنى ڕەوتى خوێندن لە هەرێمى کوردستان و، بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى خوێندکاران و، کواڵێتى خوێندنی داڕشتوە، بۆ ئەمەش پلان و پڕۆژەی پێشنیازى ساڵى نوێى خوێندنى تاوتوێکرد و بۆ گفتوگۆ و پەسندكردنی بەرزی دەكاتەوە بۆ ئەنجومەنى وەزیران.

ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتى (٢٩/٨/٢٠٢٠) ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت و ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆکان کۆبونەوەى ژمارە (٩) ى ئاسایى خۆى بەشێوەى ئۆنلاین ئەنجامدا.

لەکۆبونەوەکەدا کە نوێنەرانى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان ئامادەیبون، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە دواین پەرەسەندن و پێشهاتەکانى بارودۆخى هەرێمى کوردستان و بڵاوبونەوەى پەتاى کۆرۆنا کرد و تیشکى خستەر سەر پڕۆژەى وەزارەت بۆ دەستپێکردنەوەى ساڵى نوێى خوێندن.

د. ئارام محمد قادر ڕاشیگەیاند: بەڕەچاوکردنى بارودۆخى تەندروستى لە هەرێمى کوردستان و سەلامەتى گیانى خوێندکاران و قوتابیان، بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) پلان و بەرنامەى تازەمان بەئاراستەى بەرەوپێشبردنى ڕەوتى خوێندن لە هەرێمى کوردستان و، بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى خوێندکاران و، کواڵێتى خوێندن داڕشتوە، بۆ ئەمەش ئاماژەى بە پلان و پڕۆژەی پێشنیازى ساڵى نوێى خوێندن کرد.

بە ڕەچاوکردنى بارودۆخى تەندروستى هەرێمى کوردستان، لە کۆبونەوەکەدا چەندین پێشنیاز بۆ ئەنجومەنى وەزیران بەرزکرایەوە بەمەبەستى پەسەندکردنیان، كە بریتین لە:-

  • خوێندنى ساڵى نوێى ئەکادیمى لە (١/٩) دەستپێدەکات و پێویستە ساڵى ئەکادیمى لە (٣٠) کۆتای پێ بێت.
  • لە نێوان (٢٠/٩) تاکو (٤/١٠) پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى لە هەرێمى کوردستان دەستپیدەکات، بەشێوەیەک زانکۆکان سەرپشکن و دەسەڵاتیان پێدەدرێت لە نێوان ئەم دو ڕێكەوتە رۆژێک بۆ دەستپێکردنى خوێندنى ساڵى (٢٠٢٠-٢٠٢١) دەستنیشان بکەن.
  • سیستمى خوێندن بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) بریتیە لە خوێندنى ئاوێتە واتە (blended learning).
  • خوێندنى وانە پراکتیکیەکان و تاقیکردنەوەى کۆرسەکان و کۆتاى ساڵ و تەطبیقاتى ناو نەخۆشخانە و تاقیگەکان و وانە تیۆریە سەرەکییەکان لە ناو کامپەس دەخوێنرێت، بەو واتایەى زۆربەى خوێندنى ساڵى نوێ لە ناو کەمپەس دەبێت.
  • ماوەى نێوان (٩/١) تاکو (١٠/٤) ئەو ماوەیە بۆ ڕاهێنانى مامۆستایان بەکاردەهێنرێت و یاخود ڕێکخستنەوەى ساڵنامەى زانکۆ و قەرەبوکردنەوەى وانە فەوتاوەکان.
  • هیچ کۆرسێکى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان نابێت لە (١٥) هەفتە کەمتر بێت.
  • بەهۆى بارودۆخى تەندروستى و بڵاوبونەوەى پەتاى کۆرۆنا، تەنها بۆ ئەمساڵى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) لەنێوان زانکۆکانى هەرێم سیستمى میواندارى دەکرێتەوە ئەویش لەنێوان بەش و سیستمى هاوشێوەدا دەبێت.
  • بۆ خوێندنى ئاوێتە، هەر زانکۆیەک ئەو پلاتفۆرمە ستانداردانەى خوێندن بەکاردەهێنێت کە یونسکۆ ڕاسپاردەى دەکات.
  • لە (٢٠٢٠/١٠/١١) پرۆسەى خوێندنى خوێندنى باڵا/ ماستەرو دکتۆرا دەستپێدەکات.

کۆى ئەم پێشنیازانە و چەندین پێشنیازى دیکەى پەیوەست بە پرۆسەى ساڵى نوێى خوێندن تاوتوێکران و دەخرێـتە بەردەم ئەنجومەنى وەزیران بەمەبەستى تاوتوێکردن و پەسەندکردنیان.

هەر لە کۆبونەوەکەدا و لەسەر ڕاسپاردەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کە نوێنەرانى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان ئامادەیبون، هەریەک لە م. ئەحمەد گەرمیانى و د. نادر مستەفا نانەکەلى لە وتەیەى جیا جیادا ئاماژەیان بە پڕۆژە و بەرنامەکانى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان کرد بۆ دەستپێکردنى ساڵى نوێى خوێندن، بۆ ئەمەش پشتگیرى یەکێتى مامۆستایانى کوردستانیان بۆ پڕۆژەکەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خستەڕو.

https://mhe-krg.org/ku/node/4186

بەڵاڤ بکە :